مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ خوا کرد!!گیان و لاشه و موڵک و ماڵمان هه‌مووی هی خوایه و ئه‌و پێی داوین.. به‌ڵام ئاماده‌یه لێمان بکڕێ به نرخێک که هه‌رگیز ناشێ به‌رابه‌ر بکرێ!!! کێ ده‌توانێ وه‌کو ئهبودهحداح بوێر بێ؟ ئه‌وه‌ی خوا پێی دابوو فرۆشتی پێی هه‌تاوه‌کو ته‌نها دارخورمایه‌کی ببێته به‌ش له به‌هه‌شتدا!! ئه‌و زۆر ژیر بوو چونکه ده‌یزانی ئه‌گه‌ر موڵکێکی هه‌بێ له به‌هه‌شت ناگونجێ خۆی له‌وێ نه‌بێ!!!!
پێغه‌مبه‌ری خوا (صلى الله عليه وسلم) جارێکیان له‌لای هه‌ندێ له هاوه‌ڵه‌کانی دانیشتبوو کاتێک گه‌نجێکی هه‌تیو هاته لای و سکاڵایه‌کی هه‌بوو، گه‌نجه‌که وتی: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا (صلى الله عليه وسلم) من خه‌ریکی پێکه‌وه‌نانی پهرژینێکم بۆ بێستانه‌که‌مان، دارخورمایه‌کی هاوسێیهکمانی هاتۆته به‌ر، داوام له هاوسێیهکهم کردووه ئه‌و دارخورمایهم پێ بدا و وازی لێ بێنێ بۆ ئه‌وه‌ی پهرینهکهم ڕێک و ته‌واو بکه‌م، به‌ڵام ئه‌و ڕازی نابێ و ڕه‌تی کردووه، داوام لێ کرد پێم بفرۆشێ، ئه‌وه‌شی قه‌بووڵ نییه، منیش هاتووم هه‌تاوه‌کو چاره‌یه‌کم بۆ بدۆزیته‌وه..
پێغه‌مبه‌ری خوا (صلى الله عليه وسلم) داوای کرد دراوسێکه‌ی بانگهێشت بکه‌ن، کاتێک ئاماده بوو، پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) سکاڵای گه‌نجه هه‌تیوه‌که‌ی بۆ گێڕایه‌وه، ئه‌ویش نکۆڵی نه‌کرد و پشتڕاستی کرده‌وه.. پێغه‌مبه‌ری خوا (صلى الله عليه وسلم) داوای لێ کرد هه‌تا واز له‌و دارخورمایه بهێنێ یان بیفرۆشێ به گه‌نجه‌که، دیسان پیاوه‌که ڕه‌تی کرده‌وه و ڕازی نه‌بوو!! پێغه‌مبه‌ری خوا (صلى الله عليه وسلم) داواکه‌ی دووباره کرده‌وه و فه‌رمووی: پێی بفرۆشه و له به‌هه‌شتیش دارخورمایهکت ده‌بێته به‌ش که سوارچاکێک به غاردان سێبه‌ره‌که‌ی به سه‌د ساڵ ده‌برێ!!
هاوه‌ڵه‌کان سه‌رسام و شه‌یدا بوون به‌و مامه‌ڵه‌یه که پاڵنه‌ر و ڕاکێشانێکی زۆری تێدایه، کێ ده‌چێته دۆزه‌خ دارخورمایه‌کی وه‌های هه‌بێ له به‌هه‌شت!!؟ پاشان چۆن وه‌کو یه‌که دارخورمایه‌کی دونیا له‌گه‌ڵ دانه‌یه‌کی ناو به‌هه‌شت!! به‌ڵام پیاوه‌که دیسان ڕه‌تی کرده‌وه له‌به‌ر ته‌ماعی دونیایی..
له‌م ساته‌دا بوو یه‌کێک له‌وانه‌ی شاره‌زای بازرگانی و مامه‌ڵه‌ی کرین و فرۆشتن بوو، گه‌شبینی و به‌رچاوڕوونی هه‌بوو که ئه‌ویش ئهبوودهحداحی ئه‌نساری بوو-خوا لێی ڕازی بێت- هاته پێش و فه‌رمووی: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا (صلى الله عليه وسلم) ئایا ئه‌گه‌ر من ئه‌و دارخورمایهم بۆت کڕی و به‌جێی بهێڵم بۆ ئه‌و گه‌نجه، دارخورماکه‌ی به‌هه‌شتم بۆ ده‌بێت؟! پێغه‌مبه‌ری خوا (صلى الله عليه وسلم) فه‌رمووی: به‌ڵێ..
ئهبودهحداح-خوا لێی ڕازی بێت- ڕووی کرده کابرا و فه‌رمووی: ئایا تۆ بێستانه‌که‌ی من ده‌ناسی ئه‌ی فڵان؟ پیاوه‌که وتی: به‌ڵێ، کێ هه‌یه له مه‌دینه بێستانی ئهبودهحداح نه‌ناسێ، خاوه‌نی(600) دارخورما و کۆشکێکی بڵند و بیرئاوێکی شیرین و په‌رژینێکی به‌رز..!! هه‌موو بازرگانه‌کان ته‌ماعی خورمای ئهبودهحداحیان هه‌یه له‌به‌ر به‌نرخی و چاکی جۆره‌که‌ی...
ئهبودهحداح-خوا لێی ڕازی بێت- فه‌رمووی: ئه‌و دارخورمایهتم پێ بفرۆشه به‌و هه‌موو دارخورمایه و کۆشک و بیر و په‌رژینه‌ی هه‌یه‌تی!! پیاوه‌که سه‌رسام بوو، تۆ بڵێی ڕاست بێت و ئه‌و دارخورمایهم ئه‌وه‌نده بکات پڕی بێستانێک دارخورما!!؟ هاوکات کۆشک و ئاو و په‌رژینیش!!!؟ بێگومان باشترین بازرگانییه به هه‌موو پێوه‌رێک..
پیاوه‌که ڕازی بوو و پێغه‌مبه‌ری خوا (صلى الله عليه وسلم) و ئاماده‌بووان له هاوه‌ڵه‌کان شایه‌تییان له‌سه‌ر دا و مامه‌ڵه‌که دامه‌زرا.. ئه‌وجا ئهبودهحداح به ڕوویه‌کی گه‌ش و خه‌نده‌وه ڕووی کرده پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) و فه‌رمووی: ئایا ئێستا من دارخورمایهکهم هه‌یه له به‌هه‌شتدا ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا (صلى الله عليه وسلم) ؟
پێغه‌مبه‌ری خوا (صلى الله عليه وسلم) فه‌رمووی: نه‌خێر! بۆیه ئهبودهحداح به‌و وه‌ڵامه سام و نا‌ئومێد بوو!! به‌ڵام زۆری پێ نه‌چوو گوێی به موژده‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا (صلى الله عليه وسلم) زرنگایه‌وه، وه‌ڵامی نه‌خێر بۆ بێهیوایی نه‌بوو، به‌ڵکو بۆ نه‌بوونی یه‌ک دارخورما بوو به ڕاستی.. چۆن ده‌بێت ئهبودهحداح له خوای گه‌وره که‌ڕم و به‌خشنده‌یی زیاتر بێت، ئه‌و بۆ ڕه‌زامه‌ندی خوا و دارخورمایه‌ک له باشترین ماڵی خۆی به‌خشییه‌وه،(600) دارخورما، که‌واته چۆن ده‌بێ خوای گه‌وره یه‌ک دانه‌ی بداتێ که ئه‌و(عزوجل) له هه‌موو که‌سێک به‌خشنده‌تر و خاوه‌ن که‌ره‌م و ده‌ستکراوه‌تره!!!
ئهبودهحداح-خوا لێی ڕازی بێت- گوێی لێ بوو پێغه‌مبه‌ری خوا (صلى الله عليه وسلم) فه‌رمووی: به‌ڵکو یه‌ک دارخورما نییه!! ئای که چه‌ندین دارخورمای به به‌ری قورس و زۆر هه‌یه ئێستا له به‌هه‌شتدا بۆ ئهبودهحداح.. ئه‌م فه‌رمایشته‌ی چه‌ند جار دووباره کرده‌وه..
هاوه‌ڵه‌کانیش-خوا لێیان ڕازی بێت- کاتێک گوێیان له موژده‌یه بوو، هه‌موو ئاواتیان بوو ئهبودهحدان خۆی بووایه و له دونیادا موژده‌یه‌کی وه‌های پێ بدرایه..
ئهبودهحداحیش وه‌ختێک گه‌ڕایه‌وه بۆ لای خێزانه‌که‌ی، بانگی کرده ده‌ره‌وه‌ی ماڵ و بێستانه‌که‌ی، فه‌رمووی: ئه‌وا من بێستان و کۆشک و بیر و پهرژینهکهم هه‌موی فرۆشت.. ئه‌ویش-خوا لێی ڕازی بێت- ئه‌ڵڵاهوئه‌کبه‌ری کرد چونکه دڵنیا بوو له شاره‌زایی و لێهاتووی مامه‌ڵه‌ی مێردی، پێی فه‌رموو: هه‌موویم فرۆشت به دارخورمایه‌ک له به‌هه‌شتدا که سێبه‌ره‌که‌ی به سه‌د ساڵ به غاردانی سوارچاکێک ده‌یبڕێ.. هه‌ر بۆیه خێزانیش دیسان هه‌لهه‌له(الله أکبر)ی کرده‌وه و فه‌رمووی: مامه‌ڵه‌که‌ی برده‌وه ئهبودهحداح، مامه‌ڵه‌ی برده‌وه ئهبودهحداح..
هیوادارین له‌م چیرۆکه ئه‌وه‌نده تێ بگه‌ین که ژیانی دونیا هیچ نییه له چاوی به‌هه‌شت و ڕه‌زامه‌ندی خوا، ئه‌گه‌ر وانه‌بووایه ژیره‌کان نه‌ده‌چوون هه‌موو موڵک و گیانیان ببه‌خشن له پێناوی ده‌ستکه‌وتنی ئه‌و دوانه، به‌هه‌شتیش به‌ده‌ست نایه‌ت مه‌گه‌ر به‌وه‌ی ئه‌وه‌ی خۆشمان ده‌وێ بیبه‌خشین له پێناوی خوا..لن تنالوا البر حتى تنفقوا مما تحبون..
س:ده نگی ئيسلام