ئارەزوو پەرستن هەنگاوێك بەرەو تاركستانی بێ باوەڕیإِنَّ الحَمْدَ للهِ نَحْمَدُهُ، وَنَسْتَعِيْنُهُ، وَنَسْتَغْفِرُهُ، وَنَعُوْذً بِاللهِ مِن شُرُوْڕ أَنْفُسِنَا وَمِنْ سَيِّئَاتِ أَعْمَالِنَا، مَنْ يَهْدِهِ اللهُ فَلا مُضِلَّ لَهُ، وَمَنْ يُضْلِلْ فَلا هَادِيَ لَهُ... وَأَشْهَدُ أَنْ لا إِلَهَ إِلاّ اللهُ وَحْدَهُ لا شَڕيْكَ لَهُ... وَأَشْهَدُ أَنَّ مُحَمَّداً عَبْدُهُ وَرَسُوْلُهُ. أَمَّا بَعْدُ:
خوای پەروەردگار فەرموویەتی: [ زُيِّنَ لِلنَّاسِ حُبُّ الشَّهَوَاتِ مِنَ النِّسَاء وَالْبَنِينَ وَالْقَنَاطِيرِ الْمُقَنطَرَةِ مِنَ الذَّهَبِ وَالْفِضَّةِ وَالْخَيْلِ الْمُسَوَّمَةِ وَالأَنْعَامِ وَالْحَرْثِ ذَلِكَ مَتَاعُ الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَاللّهُ عِندَهُ حُسْنُ الْمَآبِ ] آل عمران: 14
واتە:جوانكراوە بۆ خەڵكی خۆشی وئارەزووەكانی نەفسی لەئافرەتان و كوڕان ودارایی كەڵەكە كراو لەئاڵتون و زێڕ و زیو و ئەسپ و ماینانی نیشانەدار و ئاژەڵ و چوارپێیان و كشتوكاڵ كەئەمانە بەهرە و پەلی زیندەكانی ژیانی دونیان وەلای خوا خۆشترین جێ ی پاشەڕۆژ هەیە.
هەروەها پەروەردگار فەرموویەتی: [أَفَرَأَيْتَ مَنِ اتَّخَذَ إِلَهَهُ هَوَاهُ...] الجاثية: 23
واتە: ئاخۆ بینیوتە ئەو كەسەی هەواو ئارەزووی خۆی كردۆتە پەرستراوی خۆی.
پەیوەست بوون بەپەروەردگارەوە و دڵسۆزی كردەوەكان (الاخلاص) بۆ خوای گەورە، بنەمای یەكتاپەرستی یە، وە ناوەڕۆكی گەواهی دانە بە خوای گەورە (شهادة أن لا إله الا الله) كە تەنها ئەو شایەنی پەرستنە وە تەنها ئەو جێگای ڕاز و نیازە.
زانای پایەبەرز (محمدی كوڕی عبدالوهاب) (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) فەرموویەتی: (تەنها پەروەردگار جێگەی مەبەستە وە تەنها ئەوجێگەی پشت پێ بەستنە، ئەم ناوەڕۆكە لەلای كەسانێك كە نەفام بن كەم بایەخە، وە لەلای كەسانێك كە شارەزابن كردەوەیەكی بە بەها و پڕ نرخە) (1)
وە هەركەسێك جێگەی مەبەستی و ڕازو نیازی پەروەردگار نەبێت ئەوا بێ گومان كەسێك یان كارێك یان حەزێك..... هتد دەبێتە جێگای مەبەستی وە دەبێتە پەرستگای دڵی.
وەكو زانای پایە بەرز (شیخ الاسلام ابن تيمية) فەرموویەتی: (لەڕێگەی لێكۆڵینەوە و توێژینەوەوە دەركەوتووە كە هەركەسێك چەندە دوور بكەوێتەوە لە پەرستشی پەروەردگار ئەوا زیاتر ڕۆچووە لە هاوەڵ بڕیاردان، چونكە بەندە تاوەكو دووربكەوێتەوە لەپەروەردگار ئەوا زیاتر لاوازی و نەبوونی وبێ دەسەڵاتی خۆی دەباتە لای كەسێكی تر كە دەبێتە خۆشەویستی و مۆڵگەی ڕاز و نیاز و مەبەستی.
بێ گومان هەمووبەندەیەك شتێك دەكاتە جێگەی ڕازو نیازی، ئەگەر پەروەردگار جێگەی مەبەستی ئەو نەبێت ئەوا سەرئەنجام دەبێتە بەندە و كۆیلەی پەرستراوێكی تر وەكو: ماڵ و سامان یان دەسەڵات یان ئافرەتێك یان وێنەیەك یان هەر پەرستراوێكی تر) (2)
وە ئەگەر بڕوانینە دونیای ئەمڕۆمان دەبینین چەندەها جۆری ئارەزوو پەرستی هەیە كەزۆر ڕوون وئاشكران وەكو: شەیدایی ئافرەت و ماڵ وسامان و كەل پەل و سەیارە و دەسەڵات و یاری و گاڵتە جاڕی و..... هتد.
وەتێڕوانینی دادپەروەریانە بۆ (ئارەزوو) لەو هاوكێشەیەدا هاوسەنگ دەبێت كە ئایینی پیرۆزی ئیسلام نەخشەی بۆ كێشاوە لەنێوان ئارەزوو پەرستان و دوورە پەرێزاندا.
* نموونەی ئارەزووپەرستان: وەكو: داوێن پیسان و خراپەكاران
* نموونەی دوورە پەرێزان: وەكو ڕەهبانیەكان
چونكە ئارەزوو پەرستان سنووری قەدەغەكراوەكانیان شكاندووە و شوێن ئارەزووەكانیان كەوتوون، دوورە پەرێزانیش ئەوەی پەروەردگار بۆی حەڵال كردوون لەسەر خۆیان قەدەغە كردووە لەدەرئەنجامی ئەم تێڕوانینە دوور لەیەكە دژ بەیەكە هەردوو گروپ گومڕا دەبن و لە ڕێگای ڕاستی ئیسلام دەترازێن.
بەڵام ئاینی پیرۆزی ئیسلام بایەخی بە (ئارەزووی مرۆڤ) داوە و یاسا و ڕێسای جوان و پڕ بایەخی بۆ داڕشتووە.
وەكو ئیمامی (ابن القیم) (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) فەرموویەتی: (لەبەر ئەوەی ئارەزوو – شەهوەت – بەشێكە لەناخی مرۆڤ كەواتە بەهیچ شێوەیەك لێی جیا نابێتەوە، بەڵام داوای لێ كراوە كە ئارەزووەكانی لەڕێچكەی خراپەوە بگوێزێتەوە بۆخاكی هێمنی وسەلامەتی و ئارامی و ئاسایش، بۆنموونە پەروەردگار بەشێوەیەكی گشتی ئافرەتی لەسەر پیاو قەدەغە نەكردووە، چونكە لەبەرامبەردا هاوسەرگیری داناوە كە موسڵمان دەتوانێ لەیەك خێزانەوە تاوەكو چوار خێزان پێكەوە بنێت) (3)
شوێن كەوتنی ئارەزوو و ڕۆچوون تیایدا كاریگەری دەبێت لەسەر دڵ و پاشان خاپوور كردنی چونكە دڵ پایتەختی جەستەی مرۆڤە، كەدەرئەنجام مرۆڤ وابەستەی بەندایەتی و كوێلایەتی خۆی دەكات.
وەكو زانای پایەبەرز (شیخ الاسلام ابن تيمية) فەرموویەتی: (ئەوانەی شوێنی ئارەزوویان دەكەون لەنموونەكانی وەكو - وێنە و خواردن وخواردنەوە و كەل وپەل – یەكێك لەو ئارەزووانە دڵی داگیردەكات و دەرئەنجام دڵی سست دەكات و دەبێتە
كوێلەی ئەو جۆرە ئارەزووە، وە هەرچۆنێكی بوێت بەو شێوە دەیجوڵێنێ وەتوانای بەرەنگاری نامێنێتەوە سەرئەنجام لەو گێژاوەدا دەیخنكێنێ)(4)
وە پێشەوا شافعی (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) فەرموویەتی: (هەركەسێك شوێنی ئارەزووەكانی بكەوێت ئەوا دەبێتە كۆیلە و بەندەی وەچەكانی – خۆشیەكانی - دونیا) (5)
شوێن كەوتنی ئارەزووەكان و ڕۆچوون تیایاندا لەڕوانگەی شەرعەوە قەدەغەكراوە وەكو پەروەردگار ئەفەرموێت: [ فَخَلَفَ مِن بَعْدِهِمْ خَلْفٌ أَضَاعُوا الصَّلَاةَ وَاتَّبَعُوا الشَّهَوَاتِ فَسَوْفَ يَلْقَوْنَ غَيّاً ] (مريم: 59)
واتە: ئینجا لەپاش ئەوان كەسانێك لەنەوەكانیان بوونە جێنشین كە نوێژیان دەفەوتاند و شوێن هەواو ئارەزوو كەوتن جائەوانە لەداهاتوودا تووشی سزای گومڕاییان دەبن.
بەهەمان شێوە لە تەرازووی عەقلیشدا قەدەغەكراوە وبەكارێكی خراپ ئەژمار دەكرێت
كەسی ژیرو هۆشدار و دووربین دەڕوانێتە دەرئەنجامی كارەكان وە بەهیچ شێوەیەك چێژێك كەزوو لەناوبچێت بەگەورە تر نازانێت بە بەراورد لەگەڵ چێژێكدا كەسیفەتی مانەوەی هەبێت.
وەكو زانای پایەبەرز (ابن الجوزي) فەرموویەتی: بزانە تێڕوانینی بێ سنوور بۆ ئارەزووەكان مرۆڤ ڕاپێچ دەكات بۆ چێژێكی ساتی بەبێ بیركردنەوە و تێڕوانین لە دەرئەنجامەكانی پاڵ بەمرۆڤەوە دەنێت بۆ شەهوەت پەرستن بەبێ گوێدانە سزا و ناڕەحەتیەكانی و دابڕان لەچەندەها چێژی تر لە داهاتوودا،مرۆڤی ژیر خۆی دەپارێزێت لە ئارەزوویەك كە كۆتاییەكەی سزا و ئازارە، وە خۆی دەپارێزێت لەحەزێك كە پەشیمانی لەدوایە، ئەوەندەش بەسە بۆ بەهای عەقڵ و بێ نرخی ئارەزووەكان، كەواتە مرۆڤی ژیر ئەبێت بزانێت هەركاتێك ئارەزوو و شەهوەت ویستیان بڕیارێك بدەن لەسەر كارێك ئەوا پێویستە ئەو بڕیارە بەرز بكرێتەوە بۆ (دادگای عەقڵ) چونكە دادوەری ژیری دەڕوانێتە بەرژەوەندییە دوورەكان و ئاسایش وهێمنی بۆ خاوەنەكەی دابین دەكات.(6)
ئەبێت بەندەی پەروەردگار بزانێت كە ئارام گرتن لەسەر ئارەزوو و شەهوەت بازی و ئەو كردەوانەی ڕێگا بۆئەم پەرستگایە خۆش دەكات زۆر ئاسانترە لەدەرئەنجامەكانی لە ناڕەحەتی و ڕەش بینی و دڵەڕاوكێ و نائارامی و..... هتد.
وەكو (ابن القیم) (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) فەرموویەتی: (ئارام گرتن لەسەر ئارەزوو (شەهوەت) زۆر ئاسانترە لەدەرئەنجامەكانی، چونكە ئارەزووبازی دەرئەنجام تووشی ناڕەحەتی و سزات دەكات، یان لەچێژ و خۆشیەكی گەورەتر پەراوێزت دەخات، یان كاتێكی بەنرخت بەفیڕۆ دەبات، یان بەرهەمێكی گەورە ترت لەدەست دەدات، یان سامانێكی بە بەهات بە فیڕۆ دەبات، یان پلە و پایەیەكی بەرزت تووشی ترازان دەكات، یان نیعمەتێكی خواییت لەكیس دەبات كە ئەونیعمەتە چێژی زۆر گەورەترە لەو شەهوەتە، یان كەسێكی ناپاكی بێ نرخت بەنسیب دەكات كە پێشتر كەسی وەهات تووش نەبووە، یان ناڕەحەتی و دڵتەنگی و دڵەڕاوكێ و ترست تووش دەكات، یان زانستێكی بە نرخت لەیاد دەباتەوە، یان دەتكاتە كۆیلەی ستەمكار و دوژمنێك، یان ڕێگای داهاتووت لەسەر دادەخات، یان عەیبەیەكی وەهات تووش دەكات كەلێت جیا نابێتەوە چونكە لە ئەنجامی كردەوەدا بەرهەمی سیفەت و ڕەوشت دروست دەبێت). (7)
* جۆرەكانی ئارەزوو پەرستن
جۆرەكانی ئارەزوو پەرستن زۆرن یەكێك لەو جۆرانەی كە زۆر بڵاوە و لەنێو كۆمەڵگادا زۆر تەشەنەی سەندووە پەرستنی ئافرەتە – شەیدایی ئافرەتان – !!
ئەگەر وورد بینەوە و بڕوانینە نهێنی كێشەكان و ئازارەكان بۆمان ڕوون دەبێتەوە كەوا ئەم دەردە كوشندەیە لەڕیگەی چەندەها كەناڵی جیاوازی سەردەمیانەوە چووەتە جەستەی كۆمەڵگە و بەتەواوەتی لاوازی كردووە لەوانە: (ئامێری سەتەلایت وهێڵی ئەنتەرنێت و مۆبایل و.... هتد.
كە لە ڕاستیدا ئەو ئامێرە زانستیە داهێنراوانە دەتوانرێ سوودی بەنرخی لێ ببینرێ بەڵام سەد مەخابن... بەكارهێنانی لەڕێچكەی خراپ دا زیاتر تەشەنەی سەندووە وە هاندەرەكان بۆداڕنینی خاوێنی و داوێن پاكی موسڵمانان زۆرن،لە نموونەی نەفسی خراپەكار و شوێن كەوتنی شەیتان و هاوڕێی خراپ و...... هتد.
وەكو پەروەردگار فەرموویەتی: [ وَاللّهُ يُرِيدُ أَن يَتُوبَ عَلَيْكُمْ وَيُرِيدُ الَّذِينَ يَتَّبِعُونَ الشَّهَوَاتِ أَن تَمِيلُواْ مَيْلاً عَظِيماً ] النساء: 27
واتە: ئەوە خوایە كە دەیەوێت لێتان ببورێت، بەڵام ئەوانەش كەشوێن ئارەزوو كەوتوون ئەیانەوێت بەلادانێكی گەورە لاتان بدەن.
وە ڕوون وئاشكرایە كە هەركەسێك مل كەچی ئارەزووەكانی بێت ئەوا بێ گومان بێت لەوەی كە تێربوون لە ئارەزووەكانی سنووری نیە، وەكو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتی: (ئەگەر نەوەی ئادەم خاوەنی دوو دۆڵ ئاڵتوون بێت ئەوا دەخوازێت كەببێتە خاوەن دۆڵێكی تر، وە سكی نەوەی ئادەم تێر نابێت مەگەر بەخۆڵ نەبێت – واتە: بەمردن) (8)
(ابن المقفع) ووتوویەتی: (باش بزانە خراپترین هۆكارێك كە لەڕیگەی ئایین لات بدات، وە جەستەت تووشی فەنابوون بكات، وە ماڵ وسامانت پەرتەوازە بكات و بە فیڕۆی ببات، وە ئابڕووت بەدوای خۆیدا بۆ سەر شۆڕی و نەنگی ڕاپێچ بكات، و كەسایەتیت تووشی ڕووشان بكات، وە پیرۆزی و بەرزیت لاواز بكات ئەویش (شەیدایی و سەوداسەری ئافرەتانە – الغرام بالنساء - زۆر جێگەی سەرسوڕمانە پیاوێك بەو هەموو عەقڵ و ژیریەوە ئەگەر لە دوورەوە ئافرەتێك ببینێت ئەوا چەندەها وێنەی جوان و قەشەنگی لە دڵدا بۆ نەخشە دەكێشێ، بەبێ ئەوەی بیناسێ و بزانێ جوانیەكەی دروستە – تەنها جوانی لە ڕووخساردا كۆنابێتەوە چونكە جوانی ڕەوشت لە ڕوخسار زۆر گرنگترە – ڕەنگە ئەگەر ئەم ئافرەتە ببێت بەهاوسەری بۆی دەركەوێت كە ناشرین ترین ڕووخساری هەیە وە ڕەنگە بە هیچ شێوەیەك ڕەوشت و هەڵس و كەوتی لەگەڵ خودی ئەمدا نەگونجێت.... وە پیاوان زۆر كات ڕەنگە بەبینینی ئافرەتێك ئەوەیان بە خەیاڵدا بێت كە ئەو ئافرەتەی ئەم دەیبینێت وابزانێ شاجوانی دونیایە، كەئەمەش بە ڕاستی سەرچاوەی گێلێتی و گەوجیە)
* ئارەزوو پەرستن هەنگاوێكە بەرەو تاریكستانی بێ باوەڕی
لەژێر ڕۆشنایی چیرۆك و بەسەرهاتەكانەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە كە یەكێك لەهۆكارەكانی بێ باوەڕی و ترازان لە ڕاستە ڕێگای ئیسلام - شەیدایی ئافرەتانە – وە چیرۆكیش لەم بارەیەوە زۆرە كەبەڕاستی لەژیانی ئەمڕۆماندا چەندەها چیرۆك و بەسەرهات هەیە لەم بارەیەوە وە بەڕاستی گرنگی لە ژمارەی چیرۆكەكاندا نیە بەقەد ئەوەی كە دەوروبەر ئەبێت چەندە پەند و ئامۆژگاری فێرببن لەو بەسەر هاتانەوە.
ئەم چیرۆكە زانای پایەبەرز (ابن الجوزي) بۆمان دەگێڕتەوە و دەڵێت: (پێیان ڕاگەیاندووم دەربارەی پیاوێك كە لە شاری بەغدا ژیانی بەسەر بردووە ئەم پیاوە بە (صاڵحی بانگدەر) ناسراوە كە بۆ ماوەی چل ساڵ بانگی داوە وە بەكەسێكی چاكە خواز ناوبانگی دەركردووە، كەڕۆژێك لەڕۆژان دەچێتە سەر بانی مزگەوت بۆ بانگ دان كە لەپڕ چاوی دەكەوێتە سەر ئافرەتێك كە ماڵیان لە تەنیشت مزگەوتەكەوە بووە ئەم ئافرەتە گاور بووە، یەكسەر دڵی ئەم داگیر دەكات و دەبێتە كۆیلەی ئارەزووەكانی، هەر لە دوای بانگەكە كابرای بانگدەر لە دەرگای ماڵەكە دەدات و ئافرەتەكەش پێی دەلێت: تۆ كێیت ؟
پیاوەكەش لەوەڵامدا دەڵێت: منم صاڵحی بانگدەر ئافرەتەكەش دەرگاكە دەكاتەوە و لەپڕ پیاوەكە ئافرەتەكە توند لەئامێز دەگرێت !!
ئافرەتەكەش پێ دەڵێت: باشە خۆ تۆ موسڵمانی وە موسڵمانان بەوە ناسراون كە ئابڕووی خەڵك دەپارێزن !!!پیاوەكەش دەڵێت: ئەوەی كەمن دەمەوێت پیویستە یەكسەر جێ بەجێی بكەیت ئەگینا ئەتكوژم !!!!!ئافرەتەكەش دەڵێت: نەخێر، بەمەرجێك ئەبێت واز لەئاین و پەیامەكەت بهێنی ؟!پیاوەكەش دەڵێت: ئەوا من هەر ئێستا وازم لە ئایینەكەم هێنا و دوورە پەرێزم لەوەیشی كە (محمد) هێناوێتی
پاشان ئافرەتەكە لەپیاوەكە نزێك دەبێتەوە و دەڵێت: نەخێر ئەم ووتانەت تەنها بۆ ئەوەیە كە ئارەزووەكانت بۆ جێ بەجێ بكەم پاشان دەگەڕێیتەوە سەر ئایینەكەت باشە ئەگەر ڕاست دەكەیت ئەوە پێویستە لە گۆشتی ئەوبەرازە بخۆی پیاوەكەش لێی دەخوات پاشان ئافرەتەكە پێی دەڵێت: ئەبێت مەی بخۆیتەوە پیاوەكەش لێی دەخواتەوە.پاشان ئافرەتەكە دەچێتە یەكێك لە ژوورەكان و دەرگاكەی دادەخات و بەپیاوەكەش دەڵێت: ئەبێت سەر بكەویت بۆ سەربانی خانووەكە تاوەكو ئەو كاتەی باوكم دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بمكاتە هاوسەرت پیاوەكەش دەیەوێت سەربكەوێت و لەپڕ دەكەوێتەوە خوارەوە یەكسەر دەمرێت ئافرەتەكەش لە پارچە كوتاڵێكی دەپێچێ و دەیشارێتەوە تاوەكو ئەو كاتەی باوكی دەگەڕێتەوە و بەسەر هاتەكە بۆ باوكی دەگێڕێتەوە لەپاشاندا لەتاریكی شەودا لاشەی پیاوەكە فڕێ ئەدەن كە بۆ دواجار دوای ماوەیەك بەسەرهاتی پیاوەكە ئاشكرا دەبێت) (9)
ئەمەبوو دەردی ئارەزوو پەرستن كە بەكورتی خستمانە ڕوو وە دەركەوت چ دەردێكی كوشندەیە. جا موسڵمانی ژیر ئەو كەسەیە بەرلەوەی توشی ئەم پەتا كوشندەیە بێت خۆی بپارێزێت لێی، چونكە وەك وتراوە خۆ (پاراستن لە چارەسەر كردن باشترە).
والسلام عليكم ورحمة الله وبركاته
======================
(1) الدرر السنية 2/21وانظر تأريخ ابن غنام 2/52،298 وانظر مجموع الفتاوى ابن تيمية 1/34
(2) العبودية ص112-114بتصرف وانظر المجموع الفتاوى 10/185-187 والفوائد لابن القيم ص186
(3) روضة المحبين ص11،ذم الهوى،لابن الجوزي ص35
(4) مجموع الفتاوى 10/594-595بتصرف يسير
(5) سير أعلام النبلاء 10/97
(6) ذم الهوى،لابن الجوزي،ص36،باختصار
(7) الفوائد ص131
(8) أخرجه مسلم في الزكاة (1049) والترمذي في المناقب (3793) (3898)
(9) ذم الهوى،ص409
2010-09-10, 01:01 من طرف أحمد عماد أحمد