باسی بۆگەنی حیزبایەتی و دەمارگیری و تەفریقە کە ڕێگایە بۆ ئاگر نەک بەهەشت!
پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وعلى اله وسلم ئەفەرموێ : (افترقت اليهود على إحدى و سبعين فرقة ، فواحدة في الجنة و سبعين في النار ، و افترقت النصارى على اثنين و سبعين فرقة فواحدة في الجنة و إحدى و سبعين في النار ، والذي نفسي بيده لتفترقن أمتي على ثلاث و سبعين فرقة ، فواحدة في الجنة ، و ثنتين و سبعين في النار ، قيل : يا رسول الله من هم ؟ قال : هم الجماعة ) سلسة الاحاديث الصحيحة 1492 واتە : ( جولەکە بەش بەش بوون و بوون بە حەفتاو یەک بەش ، یەک بەشیان بۆ بەهەشتەو حەفتایان بۆ ناو ئاگر ، وە نەسارا -گاورەکان یان دیانەکان- بەش بەش بوون و بوون بە حەفتاو دوو بەش یەک بەشیان بۆ بەهەشتەو وە حەفتاو یەک بەشیان بۆ ناو ئاگر ، سوێند بەوەی نەفسی منی بە دەستە ئوممەتی من بەش بەش ئەبن بۆ حەفتاو سێ بەش ، یەک بەشیان لە بەهەشتە ، وە حەفتاو دوو بەشیان لە ناو ئاگر ، ووتیان : ئەی پێغەمبەری خوا ئەمانە کێن -کە ئەچنە بەهەشت- ؟ فەرمووی : ئەوان جەماعەتن ) -ئەوانەی لەسەر حەق کۆ بوونەتەوە لە سەر ڕێبازی سوننەت و مەنهەجی سەحابە وە ئەوانەی تەفریقە ناکەن و لە تاعەتی سەرۆکی وڵات دەرناچن و بەرەنگاری نابنەوە ئەمانە جەماعەتن- لە بەر ئەوەش لە ڕیوایەتێک هاتووە لای پێشەوا ترمذي : ( قالوا: ومن هي يا رسول الله قال: ما أنا عليه وأصحابي ) واتە : ( ووتیان : ئەوانە کێن ئەی پێغەمبەری خوا فەرمووی : ئەوەی لە سەر ئەو ڕێبازە بێ کە من و هاوەڵەکانمی لە سەرین ) .
وە پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وعلى اله وسلم لە فەرموودەیەکی تر کە بوخاری گێڕاویەتەوە ئەفەرموێ : ( لا تختلفوا فإن من کان قبلکم اختلفوا فهلکوا ) واتە : ( خیلاف مەکەن و لێک جیا مەبنەوە چونکە ئەوانەی پێش ئێوە -جولەکەو دیانەکان- خیلاف کەوتە نێوانیان و لێک جیا بوونەوەو بە هیلاک چوون ) .
وە لە فەرمودەیەکی تر هاتووە کە ئیمام بوخاری و موسلیم رەحمەتی خوایان لێبێ ئەی گێڕنەوە لە جابر ڕەزای خوای لەسەر بێ باسمان بۆ ئەکا کە لەگەڵ پێغەمبەر صلى الله علیه وعلى اله وسلم لە غەزایەکا بوون دوو کەس لە موهاجیرو ئەنسار بوو بە کێشەیان یەکیان ووتی ئەی ئەنسار وە ئەویتر ووتی ئەی موهاجیرەکان ، پێغەمبەر صلى الله علیه وعلى اله وسلم کە ئەمەی بیست فەرموی : ( ما بال دعوى الجاهلیة ) واتە : ( ئەمە چیە بانگەوازی جاهیلی ئەکەن ) پاشان کە کێشەکەیان بۆ ڕوون کردەوە پێغەمبەر صلى الله علیه وعلى اله وسلم فەرموی : ( دعوها فانها منتنة) واتە : ( وازی لێبێنن ئەوە بۆگەنە و پیسە ) .
هەندێک لە سوودەکانی ئەم فەرموودانە
1- بۆمان دەر کەوت کە ئەو ئوممەتەش وەک ئوممەتانی تر پارچە پارچە ئەبێت .
2- ئەو ئوممەتە ئەبێتە حەفتاو سێ فیرقەو پارچە تەنها یەکێکیان لە سەر ڕێگای ڕاستە.
3- تەنها ئەوانە لە سەر ڕێگای ڕاستن کە ئەمێننەوە لە سەر ڕێبازو سوننەتی پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وعلى اله وسلم و ڕێبازو مەنهەجی سەحابەکان خوا لێیان ڕازی بێت بە بێ زیاد کردن و کەم کردن و گۆڕین .
4- وە ئەوانەش پێیان ئەوترێ جەماعەت کە لەسەر سوننەتن و لێی لانادەن وە ئەوانەی تەفریقە ئەکەن و لە حەق و سوننەت لایان داوە جەماعەت نین هەر چەندە حیزبیش بن و خەڵکی زۆریان بۆ خەڵەتابێ و ئەتباعیان زۆر بێ چونکە جەماعەت ئەوەیە لە سەر حەق بیت ئەگەر تەنیاش بیت وەک هاتوشە لە عبدالله ی کوڕی مسعود خوا لێی ڕازی بێ لە بەر ئەوە با بە بانگەشەی حیزبیەکان نەخەڵەتێین بەوەی ئەوان بە خۆیان بڵێن جەماعەت نەخێر ئەوان دەرچوون لە جەماعەت و تەفریقەیان کردووە .
5- سەیر کەن حیزبایەتی و دەمارگیری و تەفریقە پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وعلى اله وسلم ئەفەرموێ بانگەوازی جاهیلیەتەو بۆگەنە ئەشزانین کە ئەم دوو ناوە موهاجیرو ئەنسار دوو ناوی شەرعین لە قورئانا مەدحیان کراوە بەڵام ئەگەر ببێ بەهۆی لێک جیابوونەوەو ئاژاوە لەناو موسڵمانان پێغەمبەر صلى الله علیه وعلى اله وسلم فەرموی : ( دعوها فانها منتنة ) ئاوا بەتوندی نەهی لێکردن ئەی چی ئەڵێی بەم حیزبانە !!!؟.
دەبا بەخۆمانا بچینەوەو بە دروشمی بریقەداری ئەم حیزبیانە نەخەڵەتێن و عیبرەت وەربگرین لەو هەموو ماڵ وێرانیەی بە هۆی ئەوانەوە بە سەرمان هات حیزبایەتی بوو بەهۆی ئەوەی باوک و کوڕ و ژن و مێرد و براو برا و جیران و جیران و کەس و کار لە یەکتر بکاو بووە هۆی خۆێن ڕشتن و ئاوارە بوون و دەر بەدەری دەبا ببێ بە دەرس بۆمان و بگەڕێینەوە بۆ ئیسلامی ڕاستەقینە ئەو ئیسلامەی پێغەمەری خوا صلى الله علیه وعلى اله وسلم لە گەڵ هاوەڵەکانی خوا لێیان ڕازی بێ لە سەری بوون نەک ئەوەی کە خەڵک بە ئارەزوو بە پێی بەرژەوەندی حیزب و کۆمەڵی خۆی ئەیلکێنێ بە ئیسلام ، ئەوە ئیسلامە کە لە پێغەمبەرەوە صلى الله علیه وعلى اله وسلم وەرگیرابێ غەیری ئەوە هەر کەسێک هەر حیزبێ شتێکی تری هێنا بە ناوی ئیسلام کە لە پێغەمبەرەوە صلى الله علیه وعلى اله وسلم وەر نەگیرابێ ئەوە ئەدرێتەوە بە سەریان و ئیسلامیش لێیان بەریە .
وەرم گرتووە لە کتێبی (چەند باسێک لە فەرموودە ڕاستەکانی پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وعلى اله وسلم) کۆ کردنەوەو نوسینی : باوکى حارث