Forums
  

  
 

  
أهلا وسهلا بك إلى منتديات حلبجةنت.
أهلا وسهلا بك ضيفنا الكريم، إذا كانت هذه زيارتك الأولى للمنتدى، فيرجى التكرم بزيارة صفحة التعليمات، بالضغط هنا.كما يشرفنا أن تقوم بالتسجيل بالضغط هنا إذا رغبت بالمشاركة في المنتدى، وفي حال رغبت بقراءة المواضيع والإطلاع فتفضل بزيارة القسم الذي ترغب أدناه.
 

الرئيسيةالبوابةأحدث الصورالتسجيلدخول


أختر لغة المنتدى من هنا

مێژووی ئێرانی نوێ _ئه‌ڵقه‌ی دووه‌م

  
 
شاطر
 
  
مێژووی ئێرانی نوێ _ئه‌ڵقه‌ی دووه‌م Empty2010-11-07, 05:01
رسالة
بيانات كاتب الموضوع
مێژووی ئێرانی نوێ _ئه‌ڵقه‌ی دووه‌م
المعلومات
الكاتب:
اللقب:
عضو مشارك
الرتبه:
عضو مشارك
الصورة الرمزية
 
عبدالمجيدهه‌ريري

البيانات
عدد المساهمات : 39
تاريخ التسجيل : 02/10/2010
 
 

 

التوقيت

الإتصالات
الحالة:
وسائل الإتصال:


لتواصل معنا عبر
الفيس بوك:
تويتر:
مُساهمةموضوع: مێژووی ئێرانی نوێ _ئه‌ڵقه‌ی دووه‌م   






مێژووی ئێرانی نوێ _ئه‌ڵقه‌ی دووه‌م


ئێران لەسەردەمی شا عەباسی صەفەوی 1588- 1629
لە تشرینی یەكەمی 1588 شا عەباس هاتە شوێنی باوكی كە لەوكاتەدا تەمەنی (17) ساڵ بووە حكومرانی ئێرانی كردووە, لە مانگی كانوونی دووەمی 1629 كۆچی دوای كردووە، لەماوەی 41 ساڵی حكومڕانیدا دەوڵەتی صەفەویگەیشتۆتە ئەوپەڕی بەهێزی كۆمەڵێك هەنگاوی چاكسازانەی ناوە وەكۆمەڵێك كاری گرنگی بۆ ئەو دەوڵەتە كردووە بۆیە نازناوی گەورەی وەرگرتووە، لەبەر گرنگی سەردەمی ئەو شایە مێژوو نووسان بەگشتی مێژووی دەوڵەتی صەفەویدابەشدەكەن بۆ سێ‌ قۆناغ:
1- لە ساڵی 1501 تا 1588.
2- قۆناغی حكومڕانی شا عەبسای گەورە (1588 تا 1629).
3- قۆناغی دوای شا عەباس (1629 تا روخانی دەوڵەتی صەفەوی1722).
لەوكاتەی شا عەباس دەسەڵاتی وەرگرت بارودۆخی دەوڵەتی صەفەویزۆر دژواربوو لەلایەك (ئۆزبەك) لەلایەكی تریش (عوسمانیەكان) هەڕەشەی گەورەبوون لەسەر سنوورەكان لەلایەكی تریش دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندی لە زۆرێك لە هەرێمەكان لاوازبوو، لەبەر بوونی پەشێوی و نائارامی هەروەها لە پایتەختیش كە شاری قەزوین بوو لە ساڵی 1585ز عوسمانیەكان تەورێزیان داگیركرد) هەروەها قزلباشەكان لە ملمانێی توندابوون لە نێو خۆیان بۆیە كاری یەكەمی شا عەباس ئەوەبوو گورزێكی گەورە ئاراستەی قزلباشەكان بكات و وەرزگاری بێت لەدەسەڵاتیان بۆ ئەم مەبەستە هەڵسا بە پیادەكردنی سیاسەتی (پەرتكە زاڵبە- فرق تسود)، وەهەلی ئەوەی قۆزتەوە كە قزلباشەكان ناكۆكی و ملمڵانێیان لەناوخۆیاندا هەیە، ئەوەبوو لەسەرتادا بووە پاڵپشتی یەكێك لە گەورەترین سەركردەكانی قزلباش كەناوی (مورشید قولی خانی ئیستاجلۆ) ئەوكەسەش ئەوكەسەبوو كە پیلانە سەربازیەكەی دارشت بۆ هاتنە سەركاری شا عەباس ئەو كەسایەتیەش هەڵسا بە كوشتنی (7) كەس لە قزلباشەكان بەبیانووی ئەوەی دەستیان لە كوشتنی (مەهدی عولیا) هەبووە كە خێزانی شا (محەمەد خودابەندە) بوو دواتر شا عەباس بە نهێنی هەڵسا بە پشتیوانی كردنی كۆمەڵێكی تر لە قزلباشەكان كە وایان تەماشای مورشید قولی خان دەكرد كە دەسەڵاتی جێگری شای بۆخۆی قۆرخ كردووە، ئەوەبوو لە تەمووزی 1589 شا عەباس پیلانی كوشتنی مورشیدی داڕشت و تیرۆری كرد، بەمەش رزگاری بوو لە گەورەترین سەركردەی قزلباشەكان دواتر بەردەوام بوو لەسەر ئەو سیاسەتەی ئەوەبوو لە هەندێك لە قزلباشەكانی تریش رزگاری بوو وەهەندێكی تریشی ناچاركردن كە وڵات جێبهێڵن و بچنە لای عوسمانیەكان. هەروەها رزگاربون لە دەسەڵاتی قزلباشەكان شا عەباس دەبوایە كۆمەڵێك هەنگاوی گرنگتر بگرێتەبەر لەوانە:
1- دابینكردنی بارودۆخێكی هێمن لە ناوخۆی وڵات.
2- دارشتنەوە و رێكخستنی سووپا و چاكسازی و سیستەمی دارایی.
3- دەركردنی ئۆزبەگەكان لە خوراسان.
4- وەرگرتنەوەی ئەو ناوچانەی كەلەلایەن دەوڵەتی عوسمانی داگیركرابوون .
دوای دابینكردنی بارودۆخێكی ئارام لەناوەوەی وڵات شاعەباس بیری لەوەكردەوە كە سوپایەكی بەهێزی وا دابمەزرێنێت كە هەموو سۆز و خۆشەویستیەكی ئەو سوپایە هەر بۆخۆی بێت وەتەنیا لەژێر سەرپەرشتی و فەرمانی ئەویشدا هەڵسوكەوت بكەن، چونكە دەوڵەتی صەفەوی پشتی بە سوپایەك دەبەست كەلە قزلباشەكان پێكهاتبوو وە ژمارەیان 60 هەزار كەس دەبوو سۆز و خۆشەویستیان بۆ سەركردەی هۆزەكانی خۆیان هەبووە بۆ ئەم مەبەستەش سوپایەكی نوێی دامەزراند كە لە دوو بەش پێكهاتبوون بەشی یەكەم سوارەكان- الفرسان كە ژمارەیان 15 هەزار كەس بوو بەشی دووەمیان ژمارەیان 12 هەزار كەس بوو كە بریتی بوون لە پیادەی چەكهەڵگر وە پێیان دەگوترا (تفەنگ چیان) زۆربەی سوارەكان لە رەگەزەكانی (جۆرجی و چەركەسی و ئەرمەنیەكان) پێكهاتبوون ئەوانەش بریتی بوون لەوكەسانەی كە لەكاتی هێرشەكانی صەفەویەكان بۆ ناوچەكانی دەرەوە وەكو دیل گیرابوون دواتر دەبوونە موسوڵمان و دەوڵەتی صەفەویلەناوریزەكانی سوپا پشتی پێ‌ دەبەستن شایانی باسە شا عەباس بە زۆری پشتی بە بەشی یەكەم واتە سوارەكان دەبەست هەروەها مافی ئەوەشی پێدابوون كە كڵاوی سوور لەسەر بكەن كە ئەوەش دەسكەوتێكی گەورەبوو بەتێپەڕبوونی كاتیش ئەو رەگەزە غەیرە فارسیانە بوونە پێكهاتەیەكی سەرەكی لە سوپای صەفەویوە پۆستی سەركردەی هێزە سوارەكان كە لەگرنگترین پۆستە سەربازیەكانی پێكهاتەی سوپای صەفەویبوو كە كەسێكی بەرەگەز ئەرمەنی وەری گرت، لەسەردەمی شا عەباس كە ناوی (اللە وێردی خان) بوو كە ماوەی 18 ساڵ لەو پۆستە مایەوە دوای خۆیشی كوڕەكەی (ئیمام قلی خان) هاتە شوێنی هەروەها ئەو رەگەزانەش لەبواری كارگێری دەوڵەتی صەفەوی رۆڵی خۆیان هەبووە ئەوەبوو لە كۆتایەكانی ماوەی حوكمڕانی شا عەباس لە 20% پۆستە گرنگەكانی بواری كارگێڕی لەدەستی ئەو رەگەزانە دابووە , بەڵام سەبارەت بەبەشی دووەمی سوپای صەفەوی كە تفەنگ چیان (پیادەی چەك هەڵگر) بوون ئەوانە رۆڵێكی ئەوتۆیان نەبوو لە رووی بایەخ و گرنگیەوە لە دوای بەشی یەكەم دەهاتن وەدەسەڵات و پۆستی گەورەیان نەبووە زۆربەی ئەو چینەش لە جوتیارەكان و دانیشتوانی شارەكان بوون بەرەگەزیش ئێرانی رەسەن بوون .
دوای رزگار بوون لە دەسەڵاتی قزلباشەكان شا عەباس هەوڵەكانی چڕكردەوە بۆ بەهێزكردنی دەسەڵاـی دەوڵەت لە هەرێمەكان لەگەڵ ملكەچكردنی دەسەڵات دارە ناوخۆیەكان چونكە ئەو دەسەڵات دارانە لە قۆناغەكانی پێشوتر دا هەلی لاوازبوونی دەوڵەتیان قۆستبووەوە جۆرێك لە سەربەخۆیی ناوخۆییان وەرگرتبوو بێگومان ئەم هەنگاوەی شا عەباس نزیكەی 10 ساڵی خایاند (1590- 1600) زۆرجار بە شێوازی دیبلۆماسی و هەندێك جاریش بە بەكارهێنانی هێزی سەربازی ئەو هەنگاوەی پیادە دەكرد، یەكێكی تر لە هەنگاوەكانی شا عەباس ئەوەبوو لە دەورووبەری ساڵی 1598 پایتەختی لە قەزوینەوە گواستەوە بۆ (ئەسفەهان) كە دەكەوێتە ناوەڕاستی ئێران كەنزیكە لە سنووری وڵاتی ئێران لەلای رۆژهەڵاتەوە تا رادەیەكیش نزیك بووە لە كەنداوی عەرەبی و هەروەها دووریش بووە لە سنوورەكانی دەوڵەتی عوسمانی وەمەترسیەكانی دەوڵەتی عوسمانیش زۆربوون لەكاتێكدا شا عەباس لەو ماوەیەدا خۆی ئامادەدەكرد بۆ شەڕكردن لەگەڵیان هەروەها هۆكارێكی تریش لەوەدا خۆی دەدۆزیەوە كە شاری قەزوین مەڵبەندێكی گرنگی قزلباشەكان بوو بۆیە شا ویستی وڵات بەتەواوەتی لە هەژموونی (نفوز)ی ئەوان رزگار بكات. پێویستە بگوترێ‌ كە شاعەباس بایەخێكی گرنگی بە پایتەختی نوێدا پارەیەكی زۆری بۆ ئاوەدانكردنەوەی تەرخانكرد، هەروەها ژمارەیەكی زۆری لە بازرگانەكان و پیشەساز كارانی زیرەكی گواستەوە بۆ ئەو شارە بەمەبەستی سوود وەرگرتن لە توانای ئەوانە تا وای لێهات ئەسفەهان بووە یەكێك لە شارە بەناوبانگەكانی رۆژهەڵات تەنانەت دەگوترا "ئەسفەهان نیوەی جیهان" هەروەها لەنێوان ئەوانەی كە گوساترانەوە بۆ پایتەختی نوێ‌ هەزاران هاوڵاتی ئەرمەنی بوون كە لە ناوچەی (جولفا) كە دەكەوێتە باكووری رۆژئاوای شاری تەورێز لەسەر رووباری ئاراس، مەبەستیشی ئەوەبوو كەوا مەڵبەندی بازرگانی حەریر بگوازێتەوە بۆ ئێران هەروەها گۆرینی رێگای بازرگانی كردنی حەریر كە بەئەسفەهان بڕوات بۆ بەندەر عەباس لە سەر كەنداوی عەرەبی، چونكە ئەرمەنەكان سەرپەرشتی ئەو گواستنەوەیان دەكرد.
ئەوەی تایبەتیشە بە باری ئابووری دەوڵەتی سەفەوی لەو سەردەمەدا ئەوە شا عەباس زۆرگرنگی بە رێگای بازرگانی دەدا هەروەها چەندین خاڵی بازرگانی دانا كە وەك وێستگەیەك بوون بۆ گەشتیاران و كاروانە بازرگانیەكان تاوەكو پشووی لێبدەن، هەروەها شا عەباس زۆر سوور بوو لەسەر پاراستن و سەلامەتی ئەو رێگایانە لە هێرشی چەتە و رێگرەكان، هەروەها چەند پەیمانێكی بازرگانی لەگەڵ هەندێك وڵاتی ئەوروپی بەست بۆ كرینی حەریری ئێرانی، هەروەها فرمان و راسپاردەی توندی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی هەرێمەكان دەكرد، كە هێرش نەكەنە سەر بازرگانە بێگانەكان و هەروەها شا عەباس لەوە گەیشتبوو بە پەیرەوكردنی سیاسەتی نەرمی نواندن بەرامبەر بە پیاوانی ئاینی مەسیحی هەلێك دەرەخسێنێ‌ كە تیایدا بازرگانی كردن لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی دەتوانێ‌ بەرەو گەشەسەندن ببات و هەروەها رێكخستن و دانانی (مەشهەد) بە شارێكی زیارەتگای شیعەكان رێگای دەگرت بە چوونەدەرەوەی بڕێكی زۆری پارە لە ئێران، چونكە ئەگەر وانەبوایە رەنگە ئەو پارەیە لە شوێنە پیرۆزەكانی دیكەی شیعە وەك (نەجەف، كەربەلا، كازمیە) خەرج بكرابایە، كە ئەو ناچانە هەموویان كەوتبوونە عێراق وەماوەیەكی زۆر لە رۆژگاری فەرمانرەوایی شاعەباس بەدەست عوسمانیەكانەوە بوو، لەم بارەیەوە بایەخی زۆر بە شاری (مەشهەددا) كە گۆڕی (هەشتەمین) ئیمامی شیعەكانی لێیە (ئیمام عەلی بن موسا الرچا)، هەروەها لەسەر كەنداوی عەرەبی بەندەرێكی دروستكرد بەناوی (بەندەر عەباس) كە پێشتر پێیان دەگوت (كمبرون) هەروەها گرنگیدا بە یەكخستن و جێگیركردنی سیستەمی دراو لە دەوڵەتی سەفەوی ئەمەش بەمەبەستی ئاسانكاری كردن بوو لە كرداری ئاڵوگۆڕكردنی بازرگانی، هەروەها هەندێك پیشەسازی و پیشەوەری ناوخۆیی زۆر گرنگی پێدا لەوانە پیشەسازی رستن و چنین دروستكردنی چەك هەندێك پیشەسازی نوێشی هێنایە ناو ئێران هەندێكی تریش پەرە پێدا لەوانە پیشەسازی شوشە و قاپ و قاچاخ بۆ ئەومەبەستەش هەندێك كرێكاری زیرەكی چینی بۆ ئێران هێنا.
وەك لە سەرەتادا ئاماژەمان پێدا كە دەوڵەتی سەفەوی دووچاری مەترسی عوسمانی و ئۆزبەكەكان بوەوە بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێ‌ كە شا عەباس لەسەرەتادا دركی بەوەكرد كە ناتوانێت لەیەك كاتدا رووبەرووی هەردوولا ببێتەوە بەتایبەتیش لەوكاتەدا دەوڵەتی سەفەوی دووچاری كێشەی ناوخۆیی ببوەوە، بۆیە بڕیاریدا لەگەڵ عوسمانیەكان رێكبكەوێ‌ دواتریش دەست بەكاربێت بۆ دژایەتی كردنی (ئۆزبەكەكان) لەرۆژهەڵات ئەوەبوو لە ساڵی 1590 پەیمانی (فرهاد پاشا)ی لەگەڵ عوسمانیەكان مۆركرد بەگوێرەی ئەو پەیمانامەیە دەوڵەتی سەفەوی دەستبەرداری ناوچەكانی (ئازربایجان و قەرەباغ و گەنجە و قەرجەداغ و جۆرجیا و هەندێك ناوچەی لۆرستان و كوردستان) بوو، بۆ دەوڵەتی عوسمانی بێگومان بەستنی ئەو پەیماننامەیەش رەنگدانەوەی لاوازبوونی دەسەڵاتی شا عەباس بوو بەرامبەر بە عوسمانیەكان.
دوای ئەو پەیمانەش (شا عەباس) دەست بەكاربوو بۆ رووبەرووبوونەوەی ئۆزبەكەكان، ئەوەبوو لە ماوەی ساڵانی (1594-1597- 1600-1602) چەند هەڵمەتێكی سەربازی كردە سەریان لە ئەنجامدا مەترسی ئۆزبەكیەكانی لەسەر ناوچەی خوراسان دوورخستەوە، هەروەها لە ساڵی (1600) شاری (مەڕۆ)ی بەدەوڵەتی سەفەویەوە لكاند لە (1602) گەمارۆیەكی خستە سەر شاری (بڵخ) هەرچەندە نەیتوانی ئەو شارە داگیربكات بەڵام ئەو هەڵمەتە سەربازیانەی بوونە هۆی پاراستنی سنووری دەوڵەتی سەفەوی لەلای رۆژهەڵاتەوە لە مەترسی و پەلامارەكانی ئۆزبەكیەكان بۆ ماوەی چەندین ساڵ، وەكۆتایی هەڵمەتی سەربازیشی بۆ ناوچەكانی رۆژهەڵات، لە ساڵی (1622) ئەوەبوو توانی شاری قەندەهار داگیربكات و دووبارە بیلكێنێتەوە بە دەوڵەتی سەفەویەوە.
دوای دوورخستنەوەی مەترسیەكانی ئۆزبەك ئەم جارەیان شا عەباس لە توانایدا هەبوو كە رووبەرووی عوسمانیەكان ببێتەوە بەتایبەتی لە بارودۆخێكی وادا كە دەوڵەتی عوسمانی سەرقاڵی شەڕكردن بوو لەگەڵ وڵاتی نەمسا وەلەناوبردنی ئەو ئاژاوە و پەشێویەی كەلەناوچەی (ئەنازۆڵ) روویدابوو، لەساڵی (1603) شا عەباس توانی چەندین ناوچە لە عوسمانیەكان وەربگرێتەوە تا گەیشتە شاری وان وە لەوماوەیەشدا شەڕ لەنێوان هەردوولا بەردەوام بووە بۆماوە ماوە پەیمانێك لەنێوانیان مۆردەكرا، بەڵام تەمەنی ئەو پەیمانانە درێژ نەبووە دوا پەیمانیش (پەیمانی سراو) بوو كەلە ساڵی (1618) مورَكرا، بەگوێرەی ئەو پەیمانەش سنووری هەردوولا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنانەی كە لە پەیمانی (ئەماسیە) (1555) لەسەری رێك كەوتبوون.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شا عەباس هەر هەلێكی بۆ رێككەوتبا دەیقۆستەوە بۆ شەڕكردن لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی و فراوانخوازیكردن لە سەرحسابی خاكەكانی، بۆ نمونە لە ساڵی (1623) لە بەغدا یاخیبونێك دژی والی عوسمانیەكان لەو شارە رویدا ئەوەبوو شا عەباس هێرشی كردە سەر شاری بەغدا و لە هەمان ساڵیش شارەكەی گرت، هەروەها لەماوەی (1623) تاوەكو (1626) سەفەویەكان شاری موسڵیشان گرت، هەروەها شاری بەسراش كەوتە بەر دوو هێرشی گەورەی صەفەویەكان لەنێوان ساڵانی (1625 تاوەكو 1629) بەڵام نەیانتوانی داگیری بكەن.
لەكەنداوی عەرەبیشدا شا عەباس رووبەرووی پورتوگالیەكان بووەوە كە وەكو هێزێكی كاریگەر لە سەدەی (16) بوونیان هەبووە لەناوچەكەدا، ئەوەبوو توانیان ناوچەكانی (بەحرێن و رەئس ئەلخەیمە و بەندەر عەباس) داگیربكەن، لەگەڵ (دورگەی هورمز) كە پێگەی سەرەكیان بوو لەناوچەكە، لەسەرەتای سەدەی (17) فراوانخوازی صەفەویەكان لە كەنداو دەستی پێكرد لە ساڵی (1602) (بەحرێن) و لە ساڵی (1615) ( بەندەر عەباس) و (1619) (رەئس ئەلخەیمە)یان لە پورتوگالیەكان وەرگرت و داگیریان كرد، بەڵام لەبەر بێهێزی سووپای دەریایی صەفەویەكان تووشی زەحمەتی زۆر هاتن لە كۆتایی پێهێنانی پورتوگالیەكان لە ناوچەی (هورمز) بۆ ئەو مەبەستەش داوای یاریمەتیان لە (بەریتانییەكان)كرد دواتر بەرامبەر بەدەستكەوتنی هەندێك (جیاوك) ئیمتیازات بە كۆمپانیای (هندی رۆژهەڵاتی ئینگلیزی) ئەوانیش رازی بوون بۆ یارمەتی دانی صەفەویەكان بەهێزی دەریایی ئەمەش بەپێی پەیمانی (میناب) (1622) كە لەنێوان هەردوولا مۆركرا دواتر بەیارمەتیدانی كەشتی گەلی بەریتانی هێزەكانی سەفەوی گەمارۆی قەڵای هورمزیان داو دوای مانگو نیوێك لە گەمارۆدان توانیان ناوچەكە داگیربكەن.
لەمانگی تشرینی دووەمی (1598) لە كۆشكی شاهانە (شاعەباس) چاوی كەوت بە شاندێكی بەریتانی بەسەرۆكایەتی (ئەنتۆنی شێرلی) و براكەی (رۆبەرت شێرلی) و ئەندامیەتی (26) پیاوی ئینگلیزی، ئامانج لە هاتنی ئەو شاندەش بەدەست هێنانی ئیمتیازات (جیاوك)ی بازرگانی و وەپێشكەشكردنی ئاسانكاری بوو بۆ بازرگانە ئینگلیزەكان و رازی كردنی شا عەباس بوو بە بەستانی هاوپەیمانیەتی لەگەڵ هێزە ئەوروپیەكان دژی دەوڵەتی عوسمانی، شا عەباس ئەو بیرۆكەی شاندەكەی پێچاكبوو لەبەر ئەوەی هاتنی شاندەكە هاوكاتبوو لەگەڵ ئامادەكاریەكانی شا عەباس بۆ ئەنجامدانی كردەی سەربازی دژ بە عوسمانیەكان بۆ ئەو مەبەستەش هەڵسا بەدەركردنی فرمانێك كە تیایدا بەڵێنی دابینكردن و پاراستن و پارێزگاری كردنی تەواوی ئەو بازرگانە رۆژئاوایانەی دەكرد كە ئاڵوگۆڕی بازرگانیان لەگەڵ وڵاتی ئێران دەكرد، هەر بەگوێرەی فرمانەكە شوێنی تایبەتی دابینكرابوو بەمەبەستی ئەنجامدانی دروشمە[سروتە] ئاینیەكانیان بەوپەڕی ئازادی.
بۆ ساڵی داهاتوو لە ساڵی (1599) (ئەنتۆنی شێرلی) بەنوێنەری یاخود نمایندەی (مفوچ) شا عەباس سەرپشك كرا كە بچێت هاوپەیمانیەتی لەگەڵ پاشاكانی ئەوروپا ببەستێت دژ بە عوسمانیەكان لەگەڵ ئەنتۆنی شێرلی و باڵیۆزی ئێرانی (حوسێن عەلی بەگ بەیات) وەهەندێك كارمەندی ئێرانی هاوسەفەری بوون، شا عەباس كۆمەڵێك نامەی بۆ پاپا و پاشاكانی ئەوروپا نووسی لەوانە (ئیمپراتۆری ئیمپراتۆریەتی رۆمانی پیرۆز و پاشای فڕەنسا و ئیسپانیا و پۆڵەندا و...هتد.) بەڵام ناردنی ئەو شاندە هیچ دەرەنجامێكی ئەوتۆی لێنەكەوتەوە ئەوەش لەبەر بوونی چەند هۆكارێك لەوانە بوونی جیاوازی و ناكۆكی لەنێوان (ئەنتۆنی شێرلی) و (باڵیۆزەكەی ئێران) لەسەر سەركردایەتی كردنی شاندەكە هەروەها هەندێك لەو كارمەندە ئێرانیانەی كە لەگەڵ شاندەكەبوون بوونە مەسیحی و لە ئەوروپا مانەوە، ئەنتۆنی شێرلی لە ئیسپانیا لە (1630) كۆچی دوایی كرد بەڵام براكەی رۆبەرت شێرڵی كەلەگەڵ پێنج ئەندامی شاندە ئینگلیزیەكە لە ئێران وەكو بارمتەیەك لەلای شا عەباس مابوونەوە تاكاتی گەڕانەوەی شاندەكە ئەوەبوو شا عەباس زۆر سوودی لە پسپۆڕی (رۆبەرت شێرلی) وەرگرت لە بواری سەربازی بەتایبەتی لەپەرەپێدانی چەكی مەدفەعی هەروەها شا عەباس متمانەی زۆری پێ هەبووە تاوەكو مردنی لە ساڵی (1628) جیا لەوەش رۆبەرت شێرلی لە هەندێك جەنگ لە دژی عوسمانیەكان بەشداری كردووە، شا عەباس دووجار رەوانەی ئەوروپای كردووە بۆ مەبەستی كاروباری بازرگانی (حەریری ئێرانی) لەگەڵ ئەوروپا، بەڵام لەم بوارە سەركەوتووە نەبووە.
ئەگەرچی سەردەمی شا عەباس دەوڵەتی صەفەوی لەو پەڕی بەهێزیدابوو بەڵام دەتوانین بڵێین كەسەرەتاكانی لێكهەڵوەشانەوەی دەوڵەتەكەش هەر لەو ماوەیەدا بەدیاركەوت، بەمەبەستی پاراستنی دەسەڵاتەكەی شا عەباس رێگایەكی زۆر توندوتیژی گرتە بەر ئەویش كوشتن و چاوكوێركردنی كەسانی ناوخێزانەكەی خۆی بووە هەموو ئەو كەسانەشی كە چاویان بڕیبووە كورسیەكەی، ئەوەبوو لەگەڵ هاتنە سەر كورسی پاشایەتی لە ساڵی (1588) براكانی خۆی لەژێر چاودێری توند دانا دواتر لە ساڵی (1590) چاوەكانیانی كوێركرد، هەروەها لە (1615) گومانی ئەوەی لە (محەمەد باقری) كوڕی كرد كە پیلان لە دژی دەگێڕێت ئەوەبوو بەبێ‌ دوودڵی كوشتی، هەروەها كوڕێكی تریشی بەناوی (محەمەد خودابەندە) لەلایەن باوكیەوە چاوەكانی كوێركران، چونكە لەكاتی نەخۆش كەوتنی باوكی لە ساڵی (1621) لە هەوڵی ئەوەدابوو كە قزلباشەكان لە دەوری خۆی كۆبكاتەوە هەروەها كوڕی سێیەمیشی بەناوی (ئیمام قولی میرزا) لە ساڵی (1627) دووچاری هەمان چارەنووسی براكەی (محەمەد خودابەندە) بوەوە.
شایەنی باسە شا عەباس دوو كوڕی تری هەبووە بەڵام بەر لە مردنی باوكیان كۆچی دواییان كردووە، بۆیە هیچ كوڕێكی نەمابوو لە دوای خۆی دەسەڵات وەربگرێت، بەڵام لە دوای شا عەباس چەند پاشایەكی لاواز دەسەڵاتیان وەرگرت نەیانتوانی كاروباری دەوڵەتی سەفەوی بەچاكی بەڕێوەبەرن.



س_سه‌رچاوه‌_له‌كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی سۆران به‌وانه‌گوتراوه‌ته‌وه‌









 الموضوع الأصلي : مێژووی ئێرانی نوێ _ئه‌ڵقه‌ی دووه‌م // المصدر : منتدياتحلبجةنت // الكاتب: عبدالمجيدهه‌ريري




 


  
مواقع النشر (المفضلة)
 


  
الــرد الســـريـع
..

هام جداً: قوانين المساهمة في المواضيع. انقر هنا للمعاينة
الرد السريع
 


  
خــدمات المـوضـوع
 KonuEtiketleri كلمات دليليه
مێژووی ئێرانی نوێ _ئه‌ڵقه‌ی دووه‌م , مێژووی ئێرانی نوێ _ئه‌ڵقه‌ی دووه‌م , مێژووی ئێرانی نوێ _ئه‌ڵقه‌ی دووه‌م ,مێژووی ئێرانی نوێ _ئه‌ڵقه‌ی دووه‌م ,مێژووی ئێرانی نوێ _ئه‌ڵقه‌ی دووه‌م , مێژووی ئێرانی نوێ _ئه‌ڵقه‌ی دووه‌م
 KonuLinki رابط الموضوع
 Konu BBCode BBCode
 KonuHTML Kodu HTMLcode
إذا وجدت وصلات لاتعمل في الموضوع او أن الموضوع [ مێژووی ئێرانی نوێ _ئه‌ڵقه‌ی دووه‌م ] مخالف ,, من فضلك راسل الإدارة من هنا
 

>




  

مواضيع ذات صلة