2010-11-07, 05:26
رسالة بيانات كاتب الموضوع
مێژووی ئێرانی نوێ _ئهڵقهی چوارهم المعلومات الكاتب:
اللقب:
عضو مشارك
الرتبه:
الصورة الرمزية
البيانات عدد المساهمات : 39 تاريخ التسجيل : 02/10/2010
الإتصالات الحالة: وسائل الإتصال:
لتواصل معنا عبر الفيس بوك: تويتر:
موضوع: مێژووی ئێرانی نوێ _ئهڵقهی چوارهم
مێژووی ئێرانی نوێ _ئهڵقهی چوارهم ئێران لەسەردەمی نادرشایی ئەفشاری: لەماوەی نێوان 1729ز 1736ز سەفەوییەكان تەنیا بەناو دەسەڵات دار بوون لە ئێران نادر خان پیاوی بەهێزی ئیران بوو بەلام لەراستیدا یارمەتی نادرخان بۆ صەفەویەكان لەبەر ئەوە نەبوو كە دووبارە حوكمرانیان بگەرێنێتەوە بۆ ئێران بەڵكو دەیویست لە ریگەی ئەو یارمەتی دانەوە سوود لە هەست و سۆزی ئێرانیەكان وەربگرێت بۆ جێ بەجێ كردنی ئامانجە تایبەتیەكانی خۆی لەو ماوەیەدا نادر خان لەگەڵ عوسمانیەكان دووچاری شەركردن بوەوە ئەوەبوو لەسالی 1730 ز توانی شارەكانی نەهاوەند و هەمەدان و كرماشان و تەورێز لە عوسمانیەكان وەربگریتەوە وە لەسەرەتایی سالی 1731 تهماسب دووەم هەولی دا كارەكانی نادر شا تەواو بكات بە گێڕانەوەی هەموو ئەو ناوچە ئیرانیانەی كە لەژیر دەسەڵاتی عوسمانیەكان مابوونەوە بەلام لەهەوڵەكەی سەركەوتوو نەبوو ، دووبارە عوسمانیەكان لە كۆتاییەكانی سالی 1م731 ز شارەكانی هەمەدان و تەوریزیان داگیر كردەوە بەمەش تهماسب ناچار بوو لە شوباتی 1732 ز پەیمانێك لەگەل دەولەتی عوسمانی مۆر بكات كە تیایدا دەستبەرداری هەندیك زەوی تر بوو لە زەوییەكانی ئێران بۆ عوسمانیەكان بەلام نادرشا ئەوپەیمانەی رەت كردەوە وە ئەوەشی كردە بیانوێك بۆ لەسەر كار لادانی تهماسب ئەوەبوو لە ئابی ساڵی 1732 ز كورەكەی تهماسیب كە بەناوی عباسی سێیەم ناسرابوو دانا لە شوێنی ، لە كاتێكدا مناڵێكی شیرە خۆرە بوو وە خۆشی نادر خان بووە سەرپەشتیاری (وەصی) ئەو شایە منداڵە. نادر لەسالی 1688ز لەشاری (دەست گرد) لە خوراسان لەدایك بووە لە بنەمالەیەكی هەژار كە پیشەكەیان شوانكاری بوو ، زۆربەی مێژوو نوسان بنچینەكەی دەگیرنەوە بۆ هۆزی ئەفشاری توركمانی كە ناسار بوون بە (كەركەلۆ) ئەو هۆزەش بەشێك بوون لە سوپای (ئۆغزخان) كە ووڵاتی راستەقینەی خۆیان بەجێ هێشتبوو كە توركستان بوو لەبەر ترسی مەغۆلەكان لەسەرەتادا بەرەو ئازراینجان هاتن بەڵام شا ئیسماعیل سەفەوی ناچاری كردن كە ئازربایجان بەجێ بهێڵن و لەباكوری خوراسان لەناوچەی (ابیورد) نیشتەجێ بوون. دەربارەی سەرەتاكانی ژیانی نادر شا سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن كەوا لەوكاتەدا تەمەنی گەیشتبووە (18) ساڵی خۆیی و دایكی لەكاتی هێرشی ئۆزبەكیەكان بۆ ناوچەی خوراسان دەستگیر دەكرێت، دوای چوار ساڵ لە دیلی دایكی كۆچی دوایی دەكات (نادر شا)ش رادەكات و دەگەڕێتەوە شوێنی خۆی لەوێشدا پەیوەندی بە هۆزی ئەفشاری دەكات و رۆڵی دیاری هەبووە لەو ململانێیەی كە لەنێوان هۆزەكەیی و دانیشتوانی ناوچەكە رویانداوە لە توركمان و كورد و ئۆزبەكیەكان و تەتەرەكان، كەبەرەگەز تورك بووینە لە تەمەنی (25) ساڵیەوە تێكەڵ بە ژیانی سەربازی دەبێت، هەر لەوكاتەشدا دەچێتە لای حاكمی ناوچەی (ابیورد) كە ناوی (بابە عەلی بەگ) بووە، نادر شاه خزمەتی زۆری ئەو حاكمەی كردووە بۆیەش ئەو لەلایەن خۆیەوە كچێكی بەناوی (نازدار خانم) پێشكەش كردووە دوای مردنی بابە عەلی نادر شا دەبێتە حاكمی (ابیورد) گومانی ئەوەدەكرێت كە نادر شا ژەهر خواردی كردبێت، بەڵام نادر شا هەر بەوەندە ناوەستی كەلە ابیورد دەسەڵات داربێ دەیەوێت ببێتە حاكمی هەموو خوراسان كەلەوكاتەدا (مەحمود ئەلسیستانی) حاكمی خوراسان دەبێت بۆیە نادر شا دەكەوێتە ململانێ لەگەڵی بەڵام سەركەوتوو نابێت شكست دەهێنێت، بۆیە لە ئەبیورد رادەكات دەبێتە چەتە و رێگر، بێگومان ئەو بارودۆخە خراپەی كە ئێران تێی كەوتبوو لەوسەردەمەدا یارمەتی دەربوو لەوەی كە خەڵكێكی زۆر لە دەوری نادر شا كۆببێتەوە لە یەكێك لە قەڵا قایمەكانی (چیاكانی خوراسان) بارەگایەك دادەنێت ئەم قەڵایەش پێی دەوترا قەڵای (كلات) كە دواتر بە قەڵای نادری دەناسرێت لەوێوە هەوڵی فراوانكردنی دەسەڵاتەكەی دەدات دەست دەگرێت بەسەر شاری (نیسابور) دوای ئەوەش هاتە رێزی سوپاكەی (تەهماسبی دووەم). سەردەمی نادر شا تا ساڵی (1747) بەردەوام دەبێت، ماوەی دەسەڵاتیشی بەجەنگ و فراوانخوازی كردن دەناسرێتەوە ئەو هەڵمەتە سەربازیانەش پێویستی بە توانای ماددی هەبوو بۆیەش دەبینین باری ئێرانیەكانی قورسكردبوو لەماوەی دەسەڵاتیشیدا نادر شا هیچ هەنگاوێكی وای نەهاوێشت بۆ چاككردنی لایەنی كارگێڕی و پەرەپێدانی سامانی وڵات هیچ چاكسازیەكیشی لە بوارەكانی ئابووری و كۆمەڵایەتی ئەنجام نەدا بەگوێرەی دەربڕینی یەكێك لە لێكۆڵەرەوە ئێرانیەكان ((نادر شا هیچ گرنگی بە خۆشكردنی ژیانی گەل و دابینكردنی ئارامی و سەربەخۆیی نەدا واش بەدیاردەكەوێت كە ئامانجی تەنیا سەركەوتن و تاڵانكردن بووە))، هەندێكیش وای بۆ دەچن كە نادر شا هەوڵی داوە لاسایی تەیمور لەنگ بكاتەوە هەندێ خاڵی هاوبەشیش لەنێوان هەردوو لایاندا هەیە، لەوانە نادر شا وەكو تەیمور لەنگ لەسەرتای ژیانیدا سەربازبووە، وەكو ئەویش سەركەوتوو نەبووە لەبەڕێوەبردنی ئەو ناوچە فراوانانەی كە سوپایەكەی داگیری كردبوو ئەگەر هێرشەكانی تەیمور لەنگ بۆشایەكی زۆریان لەباشووری رۆژوئاوای ئاسیا جێهێشتبێ ئەوا نادر شا ئەو سیستەمە كارگێریەی تەفر و توناكرد كە صەفەویەكان لەدوای خۆیان جێیان هێشت، لە ئەنجامی ئەو سیاسەتەشدا نادر شا ئێرانی دووچاری هەژاری كرد هەروەها یاسا و سیستەمیش لە وڵات بەتاوەتی پەكیان كەوت، لە دوای مردنی نادر شا ململانێی توند لەسەر دەسەڵات دەست پێدەكات بەهۆی ئەو بۆشاییە گەورەیەی لە دوای خۆی بەجێهێشتبوو. نادر شا لە ساڵی (1733) بۆ ماوەی حەوت مانگ گەمارۆی شاری بەغدای دا هاوكاتیش هێزێكی سەربازی رەوانەی موسڵ كرد بەمەبەستی گەمارۆدانی بەڵام ئەوەی تێبێنی دەكرێت دووچاری شكست بوەوە لە شەڕێكدا لە (19)ی تەمووزی (1733) لە نزیك شاری سامەرا لەسەر دەستی (توبال پاشا) كەیەكێك بوو لە دیارترین سەركردە سەربازیەكانی عوسمانیەكان دوای تێپەڕبوونی سێ مانگیش نادر شا توانی تۆڵەی خۆی لە توبال پاشا بكاتەوە، لە شەڕی (لەیلان) لە نزیك كەركوك لە (26)ی تشیرنی یەكەم (1733) لە ئەنجامی ئەو جەنگەشدا سوپای ئێرانی توانی ناوچەكانی شارەزوور و كەركوك داگیربكات لە دوای ئەوەش نادر شا دووبارە ویستی گەمارۆی بەغدا بداتەوە لەكانوونی دووەمی (1744) بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت ئەو گەمارۆدانە درێژەی نەكێشا، نادر شا بەناچاری گەمارۆیەكەی هەڵگرت ئەمەش بە هۆی پەیدابوونی پەشێوی و نائارامی لەناوخۆی ئێران لە كۆتایشدا نادر شا پەیمانێكی لەگەڵ (ئەحمەد پاشا)ی والی بەغدا مۆركردوو سوپایەكەی كێشایەوە. دوای ئەوەی نادر خان سەركەوتوو بوو لە گەڕانەوەی هەموو ئەو ناوچانەی كەلەسەردەمی داگیركاری ئەفغانیەكان لەلایەن روس و عوسمانیەكانەوە داگیركرابوون ئەمەشیان لە رێگای شەڕ و بەستنی پەیمان نامە ئەمەش رێگای خۆشكرد كە ببێتە پاشای ئێران چونكە ئەو سەركەوتنانە پێگەی ئەویان بەهێزكرد، ئەوەبوو لەدوای مردنی شا عەباسی سێیەم لە ساڵی (1736) نادر خان بانگەشەی سەركردە سوپایەكان و دەسەڵاتدارە هەرێمەكان و دادوەر و پیاوانی ئاینی كرد بۆ ئەنجامدانی كۆبونەوەیەك لە دەشتی (مغان) لە نزیك شاری (ئەردەبیل) بۆ هەڵبژاردنی شایەكی نوێ ئامادەبوانی كۆبوونەوەكە (نادرخان)یان هەڵبژارد وەك پاشای ئێران، هەرچەندە نادر خان لەسەرەتادا رازی نەبوو بە داواكەیان بەڵام دوای مانگێك بە مەرج رازی بوو ببێت بە پاشای ئێران. لەوانە (وازهێنانی ئێرانیەكان لە هەموو ئەو شتانەی كە بنەماڵەی صەفەوی دایان هێنابوو لە ئێران، هەروەها دووركەوتنەوە لە دەمارگیری ئاینی چونكە بەبیروڕای نادر خان ئەو مەسەلەیە بووبوە هۆی رژانی خوێنی زۆر لەنێوان ئێرانیەكان و توركەكان راشی گەیاند كە ئەو مەزهەبێكی تر بۆ چوار مەزهەبەكەی سوونە دیاری دەكات و بەناوی مەزهەبی (جەعفەری) ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ ناوی (جەعفەری كوڕی صادق) كە دەكاتە شەشەم ئیمامی شیعەكان، لەسەر ئێرانیەكانیشی پێویست كرد كەپەیڕەوی ئەو مەزهەبە بكەن)، دوای ئەوەی ئامادەبوان رازی بوون لەسەر مەرجەكانی ئەوەبوو لە (8ی ئازاری 1736) نادر خان تاجی شاهانەی لەسەر نا. شایانی باسە نادر شا چەند مەرجێكی تریشی لەسەر ئێرانیەكان دانابوو لەوانە وازهێنان لە جوێندان بە سێ خەلیفەی راشدین، هەروەها وازهێنان لە پرسە و ماتەمە تایبەتیەكانی خۆیان، هەموو ئەو كارانەی كەدەبوونە ناكۆكی لەنێوان سوونە و شیعە دەبوایە ئێرانیەكان وازی لێبهێنن، نادر شا بۆ ئامادەبوانیشی روونكردەوە، كە شا ئیسماعیلی صەفەوی بە پەیڕەوكردنی مەزهەبی شیعەی دوازدە ئیمامی وای كردبوو كە وڵاتی ئێران بكەوێتە جەنگێكی وێرانكەر لە گەڵ دەوڵەتی عوسمانی و ئەمەو سەرباری ئەوەی كە كۆمەڵگای ئێرانیشی دابەش كردبووە سەر چەند كۆمەڵە و دەستەی جیاواز لەگەڵ یەكتری ئەوەش بووە هۆی بڵاوبوونەوەی نائارامی لە وڵاتدا هەر بۆیەش پێشنیاری ئەو مەزهەبە نوێیەی كردبوو بۆ ئێرانیەكان، چونكە بەلای نادر شاوە جەعفەری كوری سادق كەسایەتیەكی باوەڕ پێكراوە و مایەی رێزە لەلای سوونی و شیعەكان. شایانی باسە لەكاتی گفتوگۆیەكانی پەیمانی (قوستەنتینیە) لە (17ی تشرینی یەكەمی 1736) لە نێوان عوسمانیەكان و ئێرانیەكان نادر شا هەوڵی دا دانپێدانانی سوڵتانی عوسمانی بە مەزهەبی جەعفەری وەك مەزهەبی پێنجەمی سوونە زامن بكات، لەگەڵ تایبەتكردنی گۆشەیەكی كەعبە وەكو چوار مەزهەبەكەی تر بۆ ئەو مەزهەبە نوێیە، بەڵام سوڵتانی عوسمانی ئەوەی رەتكردەوە، مێژوو نووسانیش بیرورای جیاوازیان هەیە دەربارەی مەبەستەكانی نادر شا بەو هەنگاوانە. هەندێكیان وای بۆ دەچن كە ئامانجێكی سیاسی هەبووە دەیویست رەزامەندی سەربازانی سوپایەكەی بەدەست بهێنێت، كە پێكهاتبوو لە (كورد، توركمان، ئەفغانی) تاكو لكاندنی (هندستان و ئەفغانستان و دەوڵەتی عوسمانی) ئاسانتر بێت بە ئیمپراتۆریەتەكەیەوە، لەلایەكی تریشەوە (نادر شا) دەیویست باس و خواسی بنەماڵەی صەفەوی لەلای هەموو ئێرانیەكان بسرێتەوە، لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی كە شا ئیسماعیل دایهێنابوو، هەندێكی تریش لە مێژوو نووسان وای بۆ دەچن، كە نادر شا خەونی بەیەكگرتنی هەموو جیهانی ئیسلامیەوە دیوە لە چوارچێوەی ئیمپراتۆریەتێك كە خۆی حوكمرانی بكات (سونە و شیعە)ش لەبۆتەی ئەومەزهەبە بتاوێنێتەوە، یاخود دەیویست بەدانانی ئەو مەزهەبە نوێیە بانگەشەی ئەوەبكات كە ئەو سەركردایەتی جیهانی ئیسلامی دەكات لەكاتی بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتی (عوسمانی و ئیمپراتۆریەتی مەغۆلی)، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو هەوڵەی نادر شا سەركەوتوو نەبوو، چونكە دەوڵەتی عوسمانی داواكەی رەتكردەوە تەنانەت سەركەوتووش نەبوو لەوەی ئێرانیەكان رازی بكات بە پەیرەوی كردنی ئەو مەزهەبە نوێیە، لەگەڵ ئەوەی خانەدانەكان و پیاوماقوڵانی ئێرانی باش لە ئامانجە سیاسیەكانی (نادر شا) لە داهێنانی ئەو مەزهەبە گەیشتبوون بەڵام هەندێكیان دەترسان كەبەرهەڵستی بكەن بۆیەش رازی بوون لەسەر داواكەی بەتایبەتیش لەو سەروبەندەدا نادر شا لەوپەڕی بەهێزیدابووە، لەكۆتایی ئەوباسە پێویستە ئاماژە بەوەبكەین كە نادر شا (دەمارگیر نەبووە بۆ مەزهەبی سوونە و شیعە) هەرچەندە خۆی لە ژینگەیەكی سوونی پەروەردە بووە چونكە هۆزی ئەفشاری توركی سوونی مەزهەب بوون، بەڵام دواتر نادر شا تێكەڵاوی لەگەڵ شیعەكان پەیدا دەكات سەركردایەتیشیان دەكات لە جەنگەكان و فراوانخوازیەكانی ئێرانیەكان هەندێكیش ئاماژە بەوە دەكەن كە نادر شا هەوڵی دابوو لاسایی ئیمپراتۆرێكی مەغۆلی لە هیند بكاتەوە بەناوی (ئەكبەر شای مەغۆلی) بوو كە ئاینێكی نوێی داهێنابوو لەو وڵاتە بەمەبەستی یەكخستنی (تەوحید)ی هندیەكان لە چوارچێوەی یەك بیرو باوەڕی یەكگرتوودا. نادر شا و ئیمپراتۆریەتی مەغۆلی لە هیند دوای بوونی بە شا، (نادر شا) چالاكیەكانی بە داگیركردنی (قەندەهار) لە ئازاری (1738ز) دەستی پێكرد دواتریش هێرشی كردە سەر ناوچەكانی ئیمپراتۆریەتی مەغۆلی لە هیند، كە لە ساڵی (1707)ەوە ئاژاوەی تێكەوتبوو، نادر شا هۆی هێرشەكەی بۆ ئەوە گێرایەوە كە مەغۆلەكان داڵدەی پەناهەندە ئەفغانیەكان دەدەن، ئەوەبوو شارەكانی (غەزنە و كابول و پیشاوەر و لاهور) گرت، لە شەری (كاڕناڵ) لەباكووری شاری (دەلهی) لە 24ی شوباتی (1739) توانی سەركەوێ بەسەر سوپای ئیمپراتۆری هیندی (ناصرەددین محەمەد شا) شاری دەلهی گرت، دوای هەڵگیرسانی راپەڕینێك لە دژی سوپایەكەی ئەوەبوو نادر شا قەسابخانەیەكی ترسناكی بۆ خەڵكی شارەكە رێكخست دواتر بەدەستكەوتێكی زۆر لە هیند گەڕایەوە، لە رێگای گەڕانەوەی بۆ ئێران هێزەكانی ناوچەكانی (توركستان و وڵاتی ئەودی و رووباڕ"سیحون و جیحوون" و خەوارزمیان) گرت، ئەو هەڵمەتەش دەوری زۆربوو كەنادر شا پایتەخت بگوازێتەوە بۆ مەشهەد، چونكە كەمتر پەیوەستی بە سەفەویەكان هەبوو سەرباری ئەوەش كەوتبووە ناوەڕاستی ئەو ئیمپراتۆریەتەنوێیەی كەدروستی كردبوو، كەدرێژ دەبوەوە بۆ توركستان و هیند و ئەفغانستان . لە دوای ئەو سەركەوتنە نادر شا لە هیچ شەرێكی تر سەركەوتوو نەبوو، ئەوەبوو هێرشی كردە سەر لە زجیەكان، كە لە چیا قایمەكانی (داغستان) دەژیان لەكاتی هێرشی نادر شا بۆ هیند لەزجیەكان توانیان بچنە شارەكانی (شێروان و داغستان) تاكە براكەی نادر شا بەناوی (ئیبراهیم خان) بكوژن، بۆتۆڵەكردنەوەی خوێنی براكەی نادر شا هێرشی كردە سەر (لەزجیەكان) بەڵام شكستی هێنا و گەڕایەوە لەكاتی هێرشەكەدا نادر شا دووچاری هەوڵێكی كوشتن بۆوەوە بەڵام سەركەوتوو نەبوو، گومانی ئەوە هەبوو كە كوڕەكەی (رچا قولی) دەستی هەبووبێت، چونكە لەكاتی دەرچوونی نادر شا بۆ شەڕەكان ئەوكوڕەی لە شوێنی خۆی دادەنا بۆیە نادر شا چاوەكانی كوێر دەكات لەم ماوەیە بەدواوە نادر شا كەسایەتیەكی توندو تیژ و حەز بەشەری لێدەردەچێت و لە كۆتایی ئەمەشدا دووچاری نەخۆشی (شێتی گەورەبوون) دەبێت. هێرشەكانی نادر شا بۆ سەر عێراق دوای شكستهێنانی لە داغستان نادر شا پلانی دارشت بۆ دژایەتی كردنی عوسمانیەكان و بۆ گرتنی عێراق بە پاساوی ئەوەی كە ئەوان بە داواكاریەكانی رازی نەبوون كە بریتی بوو لە (داننان بە مەزهەبی جەعفەری و رێگەدان بە ناردنی قوماش بۆ داپۆشینی كەعبەی پیرۆز و تەرخان كردنی گۆشەیەكی كەعبە بۆ نوێژلێكردن و پەیڕەوانی مەزهەبی جەعفەری كە لە تەمووزی (1743) نادر شا سوپایەكی گەورەی ئامادەكرد بۆ هێرشكردنە سەر ناوچەكانی باكووری عێراق لەوانەش شاری موصڵ ئەمەش لەبەر گرنگی شوێنی ستراتیژی ئەو شارە كە دەكەوتە سەر رێگای هاتوچۆی نێوان (عێراق و ئەنازۆل) بە گرتنی ئەوشارەش ماوەنەدەمایەوە بە گەیشتنی كۆمەكی سەربازی بۆ عوسمانیەكان بەمەش كرداری داگیركردنی ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقی ئاسانتر دەكرد بۆ ئەم مەبەستەش لە كۆتایەكانی مانگی ئەیلول تاوەكو ناوەڕاستی تشرینی یەكەمی (1743) نادر شا گەمارۆی هاوێشتە سەر شارەكە بەسەختی بۆردومانی دەكرد بەڵام دانیشتوانی شارەكە بە سەرۆكایەتی (حوسێن پاشای جەلیلی) ئازایانە بەرەنگاری نادر شا بونەوە و خۆیان نەدا بەدەستەوە، لەهەمان كاتیشدا نادر شا لە بەصراش شكستی هێنا بۆیە گەڕایەوە ئێران لە ئەیلولی (1746) پەیمانێك لە نێوان عوسمانیەكان و نادر شا مۆردەكرێت كەتیایدا (هەردوو لایەن دانیان نابوو بەو سنوورەی كە لە پەیمانی زەهاو دیاری كراوبوو)، هەروەها لە پەیمانەكەدا هاتبوو (كە ئەسانكاری بكرێ بۆ سەفەركردنی حاجیەكانی ئێرانی، و ئاڵوگۆركردنی سەفیرەكان لە نێوان هەردوولا، دیلی هیچ لایەكیشیان بازرگانی پێوە نەكرێ رێگەش بدرێ بەو دیلانەی كە ئارەزووی گەڕانەوە دەكەن بۆ وڵاتی خۆیان. هەوڵەكانی نادر شا بۆ بنیاتنانی هێزێكی دەریایی لە كەنداوی عەرەبی: بەمەبەستی دروستكردنی هێزێكی دەریایی لە كەنداو لە ساڵی (1734) نادر شا دەستی بەكاركردن كرد توانی چەند كەشتیەك لە هەردوو كۆمپانیای هیندی رۆژهەڵاتی ئینگلیزی و هۆڵەندی بكرێت، هەندێك كەشتیشی لە ناوچەی (سوڕات) لە هیند كڕی، لەهەوڵی ئەوەشدابوو پرۆژەی دروستكردنی كەشتی لەسەر بەندەری بوشەهری ئێرانی لەكەنارەكانی كەنداو دابمەزرێنێت، بەڵام بەهۆی ئاسانی دەستنەكەوتنی داری كەشتی و زەحمەتی گواستنەوەی ئەو دارانە لە دارستانەكانی مازندەرانەوە لە باكوورەوە بۆ باشووری وڵات نادر شا وازی لەو بیرۆكەیە هێنا، گەڕایەوە سەر كڕینی كەشتی لە (سوڕات) بەهاتنی ساڵی (1742) كەشتی گەلی نادر شا لە پازدە كەشتی گەورە و ژمارەیەكی زۆر لە كەشتی بچووك پێكدەهات، ئەمەش نادر شای هاندا لەساڵی (1735) هێۆش بكاتە سەر بەصڕا، لە (1736) بەحرێنی داگیركرد لە ساڵی (1743) ویستی بەصراش داگیربكات بەڵام سەركەوتوو نەبوو بەهۆی بێ ئەزموونی ئێرانیەكان لە رۆیشتن لە دەریا لەو پرۆژەیە سەركەوتوو نەبوون، لەلایەكی تریش سەرقاڵی نادر شا بەدامركاندنەوەی ئەو راپەڕین و پەشێویانەی كە لە كۆتایی دەسەڵاتی لە ئێران روویان دەدائەمەش هۆكارێكی تری سەرنەكەوتنی ئەو پرۆژەیە بوو. بۆیە نادر شا لایەنی كەشتی گەلی پشتگوێ خست و لە دوای مردنی لەساڵی (1747) كەشتی گەلی نادر شا تێكشكا و كەشتیەكانیشی لەلایەن دەریاوانە عەرەبەكانەوە دەستی بەسەردا گیرا. كۆتایی دەسەڵاتی نادر شای ئەفشاری لە ئێران لە پێنج ساڵی كۆتایی دەسەڵاتیدا (نادر شا) دووچاری گرفتی ناوخۆیی مەترسیدار بوەوە لەوانەش بەرپابوونی راپەرینی زۆر لە دژی دەسەڵاتەكەی بەڵام سیاسەتەكانی نادر شا بەرپرس بوون لەو گرفتانە، چونكە جەنگەكانی نادر شا باری ئێرانیەكانی قورس كردبوو، باجی سەر هاوڵاتیانی كردبووە دوو قات بەتایبەتی لە دوای شكستەكەی لە (داغستان) مامەڵەی زۆر توند بوو لە كۆكردنەوەی باج لەو چوارچێوەیەشدا هەڵسا بە ئازاردان و زیندانی كردنی هەزارەها جوتیاری ئێرانی كە توانای باجدانیان نەبوو، ئەم سیاسەتەش وای كرد كە ژمارەیەكی زۆر لەو جوتیارانە واز لە كشتوكاڵ كردن بهێنن ژمارەیەكی زۆریش لە ئێرانیەكان ناچار بوون كە وڵات بەجێبهێڵن، كۆچ بكەن بۆ هیند و دورگەی عەرەبی، هەروەها دەست بەسەرداگرتنی زۆرێك لە زەویەكانی (ئەوقاف) و چەوساندنەوەی پیاوانی ئاینی شیعە، دەست بەسەر داگرتنی زەوی و ماڵ و موڵكی هەندێك هۆزی توركمانی (قزلباش) بەتایبەتیش هۆزی (قاجار)، بێزاری ئێرانیەكانی زیاتر كرد، ئەمەش زنجیرەیەك راپەرینی دژی دەسەڵاتی نادر شا لێكەوتەوە لە چلەكانی سەدەی هەژدەم بەڵام نادر شا بەتوندی ئەو راپەرینانەی سەركوت كردەوە لە كاتی رۆیشتنی بۆ دامركەندنەوەی راپەرینی كوردەكانی (قۆجان) لە (20)ی حوزەیرانی (1747) لە ناو رەشماڵەكەی خۆیدا بەپیلانی دوو ئەفسەری سوپایەكەی بەناوی (ساڵح خان كەركەلۆ ئەفشار) و (محەمەد خانی قاجاری) دەكوژرێت. س_سهرچاوه_لهكۆلێژی پهروهردهی سۆران بهوانهگوتراوهتهوه
الموضوع الأصلي : مێژووی ئێرانی نوێ _ئهڵقهی چوارهم // المصدر : منتدياتحلبجةنت // الكاتب: عبدالمجيدههريري عبدالمجيدههريري ; توقيع العضو